“هەشتی مارس و “ئەلیکساندرا کۆڵۆنتای

هەشتی مارس و “ئەلیکساندرا کۆڵۆنتای”

 ن: هێمن ئەمانی

ئەلیکساندرا کۆڵۆنتای

سەرەڕای ئەوەی کە پێویستی و زەروورەتی ناساندنی ماف و ئازادیەکانی ژنان، مێژووی خەباتی چینایەتیان، وە لە ناویشیدا خەباتی ژنان بۆ بەدەست هێنانی سەرەتاییترین مافەکانیان ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و ئازادی خوازە، بەڵام مەبەستی من لە نووسینی ئەم بابەتە گێڕانەوەی ئەو مێژووە یان سەرهەڵدان و بە ڕەسمی ناساندنی هەشتی مارس وەکوو ڕۆژی جیهانی ژنان نییە بەڵکوو ناساندن و هێنانەوە بیری یەکێک لەو ژنە خەباتکارە سۆسیالیستانەیە کە زۆر کەم و دەتوانم بڵێم بە نا ڕەوا ئەرک و خەبات و هەڵسووڕانەکانی کەم ڕەنگ و کاڵ کراوەتەوە و دەور و نەخشی لە بەرەو پێش چوونی خەباتی ژنان بۆ یەکسانی و ئازادی لەبەرچاو نەگیراوە کە من لێرەدا هەوڵم داوە کورتەیەک لە چلاکی و هەڵسوڕانەکانی باس دەکەم.

ئەلیکساندرا کۆلۆنتای ژنە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستی ڕووسیە بوو کە هەر لە سەردەمی پێش یەکیەتی سۆڤیەتەوە خەباتی بۆ وشیاری چینایەتی و یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەکرد. ئەلیکساندرا یەکێک لە چالاکوانانی بواری ئازادی و یەکسانی ژنان لە ڕووسیەی پێش شۆڕشی سۆسیالیستی و هەروەها دوای سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە بوو کە هاوکات بۆ بەرەو پێش بردن و بە سەرکەوتن گەیاندنی ئەو ئامانجە هاوکاریشی لەگەل هەردوو حیزبی بۆلشویک و مۆلشویک هەبوو کە هەڵبەتە دواتر و بە ڕەسمی بوو بە ئەندامی حیزبی بۆلشویک بە ڕێبەرایەتی لێنین.

ئەگەر بێمە سەر باسی سەرەتای چالاکیەکانی ئەلیکساندرا دەتوانم وەک نموونە باسی خۆبەخشانە کار کردنی بکەم لە کتێبخانەیەک لە شاری سانپیتێرزبۆرگ کە هەوڵ دەدرا بۆ خوێندەوار کردنی کرێکاران و هەژاران، وە ئەو وەکوو مامۆستایەک خوێندنی فێری هەژاران و چینی کەم دەرامەتی کۆمەڵگا دەکرد، هەروەها لە پاڵیشیەوە بابەت و دەرسی سۆسیالیزمی لەناو وانەکاندا گوونجاندبوو و دەیوتەوە. هەر لە ڕێگەی ئەو کتێبخانەیەوە و بە پەیوەندی لەگەل ئێلینا ئیستاسوا “کە ئەویش یەکێک لە هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست بوو لەو شارە” یارمەتی ئەو بزوتنەوە کۆمۆنیستیە نوێیەی دەدا و بابەت و نووسراوە نهێنیەکانی لەناو شاردا بە کەڵک وەرگرتن لە ووشە و کۆدی نهێنی بڵاو دەکردەوە. ئەمە وەک سەرەتایەک بۆ دەست پێکردنی کار و چالاکی ئەم خانمە سۆسیالیستە شۆڕشگێڕە دەتوانم ناو ببەم، هەڵبەتە دواتر و لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا بوو بە ئەندانی حیزبی کرێکاری سۆسیال دیمۆکراتی ڕووسیە.

دوای بڵاو کردنەوەی “فینلاند و سۆسیالیزم” کە تێیدا کۆمەڵانی خەڵکی فینلاندی بۆ خەبات و شۆڕش لە دژی زوڵم و زۆرداری ڕووسیەی تێزار هان دەدا تەبعید کرا و نێردرا بۆ ئاڵمان کە لەوێ لەگەڵ ژنە شۆڕشگێرەکانی وەک کلارا زتکین و ڕۆزا لوکزامبۆرگ و هەروەها کەسانی تری وەک کلارک کائۆتسکی ئاشنا دەبێت.

ئەلیکساندرا کە خۆی بە توندی دژی شەڕ بوو و هەوڵی بۆ ئەوەش دەدا لە دوای دەستپێکردنی شەڕی یەکەمی جیهانی لە ساڵی ١٩١٤ و بەهۆی پشتیوانی کردنی سۆسیال دیموکڕاتەکانی ئاڵمان لە شەڕ نەیتوانی لەوێ بمێنێتەوە بۆیە دەچێت بۆ دانمارک و دواتر بەهۆی پشتیوانی سۆسیال دیمۆکراتەکانی دانمارکیش لەو شەڕە ناچار بەرەو سوئێد بەڕێ کەوت کە حکومەتی سوید بەهۆی چالاکیەکانی دەست بەسەری دەکات و دەکەوێتە زیندانەوە. هەڵبەتە دواتر توانی لە وڵاتی نۆروێژ بگیرسێتەوە. بەهەرحاڵ لە ساڵی ١٩١٧ ئەلیکساندرا توانی بگەڕێتەوە ڕووسیە کە لەو کاتەدا ئەندامێتی حیزبی بۆلشویکی پێ درابوو وە کاتێک لێنین لە ئاپریلی هەمان ساڵ گەڕایەوە ڕووسیە ئەلیکساندرا تەنیا ڕێبەری بزوتنەوە بۆلشویکی پێترۆگراد بوو کە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی خۆی بۆ لینین دەربڕی. ئەو ئەندامی کومیتەی ئیجرایی یەکێتی پێترۆگراد بوو وە هەروەها یەکێک لە سەر نووسەرەکانی ڕۆژنامەی “ڕێبۆتنیتسا Rabotnitsa” بوو کە بە ڕۆژنامەی ژنانی بۆلشویک دەناسرا.

لە هەشتی مارسی ١٩١٧ یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندان و مان گرتنەکان لە شاری پێترۆگراد بە ڕێبەرایەتی ئەلیکساندرا کۆلۆنتای بەڕێوە چوو کە تێیدا کرێکاران و ژنانی کرێکار خوازیاری ئاشتی و کەم کردنەوەی سەعاتی کار و نان بوون. ئەم مان گرتن و خۆ پیشاندانانە لە کارخانەیەکەوە بۆ کارخانەیەکی تر تەشەنەی دەسەند کە بە کردەوە بوو بە شۆڕشێک لە شاردا، کە دواتر و لە ساڵی ١٩٢٢ وەکوو ڕێز گرتن لە دەور و نەخشی ژنان لەو شۆڕشە دا جارێکی تر هەشتی مارس وەکوو ڕۆژی ژنان لە یەکێتی سۆڤیەتدا دیاری کرا و دواتر سازمانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆژەی وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژنان بە ڕەسمی ناساند.

لە دوای شۆڕسی ڕووسیە لە ساڵی ١٩١٧ ئەلیکساندرا بوو بە بەڕێوەبەری ڕێکخراوی کۆمەڵگا بۆ ئاسایشی کۆمەڵاتی و بوو بە یەکەمین و بەهێزترین ژن لە حکومەتی شۆڕەویدا. ئەو یەکەم ژن بوو کە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش سەرنجی خۆی خستە سەر مەسەلەی ژنان، ئەو “کۆدی بنەماڵە”ی نووسی کە سیاسەتێک بوو بە مەبەستی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە یەکیەتی سۆڤیەت دا.

لە ساڵی ١٩١٩ ئەو ڕێکخراوێکی بۆ باشتر کردنی ژیانی ژنانی ڕووسی پێک هێنا کە بریتی بوو لە خەبات لە دژی نەخوێندەواری، بە ئاگا هێنانی ژنان لە شەرایەت و ڕێکارەکانی هاوسەر گیری، کار و خوێندن کە لە دوای شۆڕشی ڕووسیە نووسرابوونەوە.

ئەلیکساندرا یەکێک لە لایەنگرانی فیمینیسمی سۆسیالیستی بوو وە هەروەها بە تووندی دژی هاوسەرگیری و پێک هاتنی خێزان بەو شێوازە نەریتی و جێ کەتووەی خۆی بوو، ئەو پێی وابوو پەیوەدی سێکسی وەکوو هەر هەستێکی تری مرۆڤ وەک خواردن و خواردنەوە سروشتیە. چەندەها کتێبی لەو بابەتە دا هەیە کە باس لە پەیوەندی بنەماڵە، هاوسەرگیری، پەیوەندی سێکسی و پەیوەندی خۆشەویستیی دەکات.

لە کتێبی “بەم زوانە” دا دەنووسێت “لە کۆمەڵگایەکدا کە ژن وەکوو پیاو کار دەکات بنەماڵە بە شێوازە باوەکەی هیچی پێ نییە بۆ بەخشین بە ژنان جگە لەوەی کە ژنیش وەکوو پیاو کار دەکات و هەروەها لە ماڵیش هیچ لە ئەرکەکانی کەم نەبۆتەوە”. بە بۆچوونی ئەو هاوسەرگیری تەنیا پەیوەندی دوو کەسە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێز گرتنی بەرانبەر. ئەو هاوسەرگیری و پەیوەندی هاوڕەگەز خوازی بە شتێکی ئاسایی دەزانی و پێی وابوو جێگەی پشتیوانی لێ کردنە.

ئەوانەی کە لە سەرەوە باس کران تەنیا کورتەیەک لە خەبات و هەڵسوڕانەکانی ئەم ژنە شۆڕشگێڕەیە بەرانبەر بە کلتووری سەرمایەداری و پیاوسالاری ئەو سەردەمی ڕووسیە “پێش و تەنانەت دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری لەو وڵاتەدا” وە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئەوروپا.

وێنەکان:


وێنەی ژمارە ١:     ڕێکخراوی کۆمیساریای كۆمەڵانی خەڵک، ئەلیکساندرا کۆلۆنتای لەگەڵ کۆمەڵێك خەڵکی هەژار.

لێدوانێک بنووسە